زێدان له باره‌ی مباپێ و گاریس به‌یل هاته ده‌نگ
زێدان: مباپێ خه‌ون به پۆشێنی درێسی ریال مه‌درید ده‌بینێت
.jpg)
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له چامپیۆنزلیگ به‌شداریی له پرێس كۆنفرانسێك كرد و زۆرترین پرسیاری له باره‌ی یه‌كسانبوونه‌كه‌یان له لالیگا به‌رامبه‌ر ریال بێتیس لێكرا.
زینه‌دین زێدان له باره‌ی سیسته‌می ڤار وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسێكی دایه‌وه و گوتی: منیش وه‌ك هه‌موو كه‌سێكی ئاسایی بینیم كه تۆپه‌كه به‌ر ده‌ستی یاریزانێكی ریال بێتیس كه‌وت و سیسته‌می ڤاریش هیچ ئیشی نه‌كرد.
زیزۆ گوتیشی: هیوادارم له داهاتوو هه‌ڵه‌كانی ناوبژیوانان كه‌مبكرێته‌وه و سیسته‌می ڤاریش ته‌نیا بۆ چه‌ند خوله‌كێك كار نه‌كات، به‌ڵكو به درێژایی یارییه‌كه چاو‌دێر بێت و هیچ شتێك تێپه‌ڕ نه‌كات.
زینه‌دین زێدان له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: من له‌وكه‌سانه نیم درۆ بێته سه‌رزمانم، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ گاریس به‌یل زۆر خۆشه و ئه‌وانه‌ی له میدیاكانه‌وه ده‌گوترێن دووره له راستی، به‌یل له گواستنه‌وه‌ی زستانه ناڕوات و خه‌ون به پۆشینی درێسی ریال مه‌دریده‌وه ده‌بینێت، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و ئه‌ستێره تا كۆتایی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵمان به‌رده‌وام بێت.
زیزۆ گوتیشی: ئێوه‌ی میدیاكان كه‌یفی خۆتانه چۆن شرۆڤه‌ی بابهتهكان ده‌كه‌ن، هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه نێوانی من له‌گه‌ڵ گاریس به‌یل زۆر خۆشه‌وه و هه‌موو رۆژێك به پێكه‌نینه‌وه پێی ده‌ڵێم: "به‌یانیت باش".
له باره‌ی ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی كلیان مباپێ، راهێنه‌ری ریال مه‌درید هێمای بۆ ئه‌وه كرد ئه‌و یاریزانه خۆی بڕیار له‌سه‌ر داهاتووی خۆی ده‌دات، زیزۆ گوتیشی: راسته مباپێ یاریزانی پاریس سانجێرمانه، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه به‌رده‌وام خه‌ون به‌پۆشینی دریسی ریال مه‌دریده‌وه ده‌بینێت.
زیزۆ له باره‌ی چاره‌نووسی پێكانه‌كه‌ی خامیس رۆدریگێز، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌راستكاره كۆلۆمبییه‌كه دیار نییه، گوتیشی: من پزیشك نیم تاوه‌كو ورده‌كاری پشكنینه‌كان و جۆری پێكانهكهتان بۆ شرۆڤه بكه‌م، راستییه‌كه‌ی نازانم كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه یاریكردن.
زێدان له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر گه‌ڵاته‌سه‌رای جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه به ته‌واوه‌تی بۆ یارییه‌كه ئاماده‌ن، گوتیشی: من به‌رپرسیاریه‌تی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی و سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ریال مه‌درید له ئه‌ستۆ ده‌گرم.
له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، سبه‌ی چوارشه‌ممه، له نێو یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و ریال مه‌درید میوانداریی گه‌ڵاته‌سه‌رای ده‌كات.