هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش: تا كۆتایی شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ین
هاوپه‌یمانییه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده

K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، کۆڵۆنێڵ "مایلیس کاگینس" رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانییه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ "هێزه‌كانی سووریای دیموكرات" له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا.
له‌و كۆنفرانسه میدیاییه‌ی وته‌بێژانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و هه‌سه‌ده ئه‌نجامیاندا و په‌یامنێری كوردستان24 تێیدا ئاماده‌بوو، هه‌ردوولا باسیان له هه‌ماهه‌نگی نێوانیان كردووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش.
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی راشیگه‌یاند، "هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان پابه‌نده به شكستپێهێنانی یه‌كجاری داعش و ده‌یه‌وێت له رووی ئایدۆلۆجیشه‌وه داعش نه‌مێنێت".
روونیشیكرده‌وه، "له دێریكهوه تا دێرزوور ئه‌وان به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده كار ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش".
له لایه‌ن خۆیه‌وه، "مسته‌فا بالی"، به‌رپرسی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی "هه‌سه‌ده" رایگه‌یاند، "ئه‌و خانووانه‌ی كراونه‌ته زیندان بۆ چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش، له بنه‌ڕه‌تدا خانووی ئاسایین و پێداویستی تایبه‌ت به زیندانیان تێدا نییه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وان بۆ پاراستنی ئه‌و زیندانانه، داوای هاوكاری ته‌نیا له ئه‌مه‌ریكا ناكه‌ن، چونكه چه‌كداره‌كان ره‌چه‌ڵه‌كی 60 وڵاتیان تێدایه".
ئ.ر