سیناریۆی عهفرین لە سەرێكانی دووباره دهبێتهوه
ماڵی ھاووڵاتیانی كورد تاڵان دەكرێت
K24 - قامشلۆ
ماڵی هاووڵاتییانی سهرێكانی لهلایهن گرووپه چهكدارهكانی سهر به توركیا تاڵان دهكرێن و چهندین خانووی كورد كراونهته بارهگای سهربازیی میلیشیاكان. خهڵكیش ناتوانن بگهڕێنهوه شوێنهكانیان، هاوكات دیاردهی ڕفاندن دهستی پێ كردووه و دواتر به بڕه پارهیهكی زۆر ڕفێندراوهكان ئازاد دهكرێن. ئەوەی ئێستا لە سەرێكانی ڕوو دەدات، پێشتر بەرامبەر بە خەڵكی عەفرین كراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، دوای داگیركردنی سەرێكانی، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵی ھاووڵاتیان كردووە و كورد ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان.
محهممهد عیسۆ، خەڵكی سەرێكانی-یە و بەھۆی ھاتنی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئەنقەرە، ماڵەكەی جێ ھێشتووە، ئەو دەڵێ: "زۆربەی ماڵەكانی سەرێكانی تاڵان كراون و بەشێك لە خانووەكانیش تەقێندراونەتەوە".
ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ھاووڵاتیانی كورد، ھەنگاوێكه بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شار و شارۆچكەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
حهلیم سلێمان، وەك ڕۆژنامەنووسێكی خەڵكی سەرێكانی ئاماژە بەوە دەكات: "خانووی زۆربەی ھاووڵاتیان لە سەرێكانی كراوە بە بارەگای گرووپە چەكدارەكان، ھەر گەڕەك و كۆڵانێك بە گرووپێك سپێردراوە".
گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، ھەر ھاووڵاتییەك دەستگیر دەكەن، دواتر بۆ ئازادكردنی، داوای بڕێكی زۆر پارە دەكەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەرامبەر ئازادكردنی كوڕەكەیان، 10 ھەزار دۆلاریان لە خێزانێكی سەرێكانی وەرگرتووە. ھاوكات بۆ دانەوەی تەرمی شەڕڤانانی ھەسەدەش، داوای پارە دەكەن.
ھ.م