سبه‌ی وه‌رزی نوێی خولی پله‌یه‌كی كوردستان ده‌ستپێده‌كات
كلاسیكۆی شاره‌زوور له نێوان دوویانه پڕجه‌ماوه‌رییه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت

دوازده‌یه‌مین وه‌شانی خولی یانه پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان به به‌شداریی 13 یانه بۆ وه‌رزی 2019 ـ 2020 ده‌ستپێده‌كات، خوله‌كه‌ش به یه‌ك قۆناخ به‌ڕێوه ده‌چێت.
بڕیاره ئێواره‌ی سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 2:30ـی ئێواره سه‌رجه‌م یارییه‌كانی خوله‌كه به‌ڕێوه بچێت، یانه‌ی سۆلاڤ پێش ده‌ستپێكی خوله‌كه كشانه‌وه‌ی راگه‌یاندووه و له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ش یانه‌ی خاك چاوه‌ڕوان ده‌بێت.
یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی پله‌دووه‌كانی كوردستان میوانداریی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات.
شه‌قڵاوه به راهێنه‌رێكی نوێ كه عه‌بدولقادر حوسێنه له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی 10 یاریزانی نوێ جه‌نگی گه‌یشتن به خولی نایابی كوردستان ده‌كات، له نێو پێكهاته‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی شه‌قڵاوه 2 یاریزانی پیشه‌گه‌ری ئێرانیش ده‌بینرێت.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش له هیوایه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌لاری راهێنه‌رایان هه‌ڵچنیوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی له مێژینه‌ی هانده‌رانی چه‌مچه‌ماڵ بۆ گه‌یشتن به خولی نایاب بێنێته دی.
له یارییه‌كی دیكه‌شدا، یانه‌ی هه‌ڵۆ له ده‌ڤه‌ری بارزان میوانداریی یانه‌ی ئاتڵتون كۆپری نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركووك ده‌كات.
له گه‌رمیانیش له یارییه‌كی لوتكه‌دا، یانه‌ی رزگاری میوانداریی یانه‌ی ئاكرێ ده‌كات كه ئه‌و یانه‌یه وه‌رزی رابردوو له خولی نایاب یاری كردووه.
له كلاسیكۆی شاره‌زووریش، یارییه‌كی پڕجه‌ماوه‌ری و لوتكه له نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و سه‌یدسادق به‌ڕێوه‌یه، ئه‌و دوویانه‌یه به‌هۆی نزیكی شوێنی جوگرافیاوه به‌رده‌وام رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كانیان به‌هێز وپڕ له ركابه‌ری بووه.
یانه‌ی ئاشتی شاری سلێمانی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی ئاسۆ سه‌ردانی پایته‌ختی باشووری كوردستانی كردووه و سبه‌ی له‌سه‌ر یاریگه‌ی برایه‌تی یه‌كه‌مین یاری ئه‌م وه‌رزه ده‌كه‌ن، هه‌ردوو یانه به ئامانجی گه‌یشتن به خولی نایاب شه‌ڕی سه‌ركه‌وتن و 3 خاڵی یارییه‌كه ده‌كه‌ن.
له یارییه‌كی دیكه‌شدا، یانه‌ی كۆیه رێگایه‌كی دووری بڕیوه به‌ره‌و خانه‌قین گه‌شتی كردووه، له‌م یارییه‌دا ئه‌ركی كۆیه سه‌خت ده‌بێت، چونكه به‌رده‌وام یانه‌ی خانه‌قین له نێو یاریگه و به‌رده‌م هانده‌رانی كێشه بۆ میوانه‌كانی دروست ده‌كات.
له وه‌رزی 2007 ـ 2008 یه‌كه‌مین وه‌شانی خولی یانه‌پله‌یه‌كان به‌ڕێوه‌چووه، یانه‌ی سه‌وڕه هه‌ڵگری یه‌كه‌مین نازناوی خوله‌كه بووه، له یانه‌كانی دهۆك، سیروانی نوێ و شێروانه هه‌ریه‌كه‌یان دووجار بوونه‌ته پاڵه‌وانی خوله‌كه.
.jpg)