عه‌بدوڵڵا مه‌جید: خۆم بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ربژێر ده‌كه‌م
عه‌بدوڵڵا مه‌جید: پێشبینی كرا‌و بوو له یارییه‌كه‌ی نێوان سۆران و هه‌ولێر كێشه رووبدات

عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه خۆی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ربژێر ده‌كات، ده‌شڵێت: له دوای نه‌مانی عه‌بدولخالق مه‌سعوود پێویسته كورد نوێنه‌رێكی دیكه‌ی له‌و پۆسته هه‌بێت.
عه‌بدولڵا مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه پێشتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بووه خۆی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق به‌ربژێر بكات به‌ڵام به‌هۆی عه‌بدولخالق مه‌سعوود ڕه‌تی كردۆته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌شڵێت: به مه‌رجێك خۆم به‌ربژێر ده‌كه‌م كه عه‌بدولخالق مه‌سعوود خۆی هه‌ڵنه‌بژێرێته‌وه، پێشتریش داوایان لێكردبووم خۆم به‌ربژێر بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی دۆخی عێراق و عه‌بدولخالق مه‌سعوود ڕه‌تمكردۆته‌وه، مه‌رجیش نییه له ئێستادا خۆم بۆ پۆستی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ربژێر بكه‌م.
له وه‌ڵامێكی دیكه‌ی كوردستان24 له باره‌ی رووداوه‌كه‌ی یاری نێوان هه‌ولێر و سۆران، عه‌بدولڵا مه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وه‌ی روویدا به پله‌ی یه‌كه‌م فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لێی به‌رپرسیاره، ده‌شڵێت: پێشبینی كراوه كه له‌و جۆره یاریگایانه كێشه و گرفت رووبدات، ناكرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان خۆی له‌م كێشه‌یه بێنێته ده‌ره‌وه.
سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر گوتیشی: فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆخۆیان پێشبینی ئه‌وه‌یان كردبوو سه‌دا ملیۆن له یاریگه‌ی سۆران كێشه و گرفت رووبدات، به‌هه‌رحاڵ نه‌ده‌كرا كێشه‌كان ئاوها گه‌وره و ئاڵۆز بكرێن.
عه‌بدولڵا مه‌جید پیرۆزبایی ئه‌نجامه باشه‌كان له یانه‌ی سۆران ده‌كات و ده‌شڵێت: ئه‌و یانه‌یه ئه‌م وه‌رزه ئاستێكی باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان دۆخی ئه‌و یانه‌یه له‌به‌رچاو بگرێت كه یه‌كه‌مجاره له خولی نایاب یاری ده‌كه‌ن و هانده‌رانیان خوێنگه‌رمن.