ڤاڵڤێردی: له ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا خیانه‌تم لێكراوه
ڤاڵڤێردی بۆ بارتۆمیۆ: من راهێنه‌رێكی پرۆفیشناڵم و پێویسته رێزم لێ بگرن

سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی ئیسپانیا به گه‌رمی باس له چركه ساته‌كانی ئه‌م ئێواره‌یه ده‌كه‌ن كه تێیدا كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری بارسێلۆنا له باره‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ڤاڵڤێردی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، زۆرینه‌ی میدیاكان پێیانوایه ئه‌م راهێنه‌ره دوورده‌خرێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا به‌شێك له گفتووگۆی نێوان ڤاڵڤێردی و بارتۆمیۆی سه‌رۆك له لایه‌ن میدیاكانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
پێگه‌ی كواترۆی ئیسپانیا، له راپۆرته هه‌واڵێكدا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه ڤاڵڤێردی له مامه‌ڵه‌ی سه‌رۆك و ئیداره‌ی بارسێلۆنا نیگه‌رانه و پێیوایه به‌شێوه‌یه‌كی ناشرین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی نووسیوه كه ڤاڵڤێردی به بارتۆمیۆی سه‌رۆكی راگه‌یاندووه كه ئه‌و راهێنه‌رێكی پرۆفیشناڵه و پێویسته به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌كه، ڤاڵڤێردی له به‌شێكی زۆری یاریزانه‌كانی نیگه‌رانه و پێیوایه ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا خیانه‌تیان لێكردووه و كاریان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كردووه.
ڤاڵڤێردی له هاوینی 2017 وه‌ك راهێنه‌ری نوێی بارسێلۆنا ده‌ستبه‌كاربوو، له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان سه‌رپه‌رشتی 145 یاری كردووه، 97 بردنه‌وه، 32 به‌رامبه‌ربوون و 16 شكستی هه‌یه و 339 گۆڵی هه‌یه و 128 گۆڵی لێكراوه.
ڤاڵڤێردی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا دوو نازناوی لالیگا، جامی سووپه‌ری ئیسپانیا و جامی شای بردۆته‌وه و 5 نازناویشی له‌ده‌ستداوه.