ھەسەدە ھێرشێكی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیای تێكشكاند
"شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت روویداوە"
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ھێرشێكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیای لە گرێسپی تێكشكاند و شەش چەكدار كوژران.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، ھێزەكانی سووریای دیموكرات ھێرشێكی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیایان لە گوندەكانی عەودیكۆ و چەلبێی سەر بە گرێسپی تێكشكاندووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامی ھێرشەكەدا شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت روویداوە و لە ئەنجامدا شەش چەكداری گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا كوژراون و ھەسەدەش دەستی بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی گرووپەكاندا گرتووە.
میدیاكان نزیك لە ھەسەدە ھەواڵەكەیان پشتڕاستكردووەتەوە و ئەوەشیان خستووەتەروو، بەر لەو ھێرشە گرووپە چەكدارەكان گوندی قزلیان لە گرێسپی تۆپباران كردووە و لەو ھێرشەشدا چەك و تۆپیان بەكارھێناوە، بەڵام ھێرشەكە تێكشكێندراوە. بێ ئەوەی ئاماژە بە زیانە گیانی و ماددییەكانیان بكات.
ھ.م