لە نەجەف پشووی فەرمی راگەیەندرا
عێراق رێگە بە هاتنی گەشتیار و شاندی 7 وڵات نادات
K24 - ھەولێر
حکوومەتی عێراق 10 رۆژ پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن لە نەجەف راگەیاند و جەختیشدەکاتەوە، رێگە بە هاتنی گەشتیار و شاندی 7 وڵات نادەن، سەردانی عێراق بکەن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر رێگریکردن لە هاتنی گەشتیار و شاندی 7 وڵات بۆ عێراق رێککەوتوون.
روونیکردەوە،هەریەک لە وڵاتانی تایلەند، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا، سەنگاپورە و چین و ئێران ئەو وڵاتانەن، کە رێگە بە هاتنی گەشتیار و شاندە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانیان بۆ عێراق قەدەخە کراوە، لە ئەگەری حاڵەتی پێویست بۆ هاتنی ئەو شاندانە، ئەوا دەبێت پابەندی رێکارەکانی حکومەتی عێراق بن لە دەروازە سنوورییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ ماوەی 10 رۆژ لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگای نەجەف پشووی فەرمییە، هەروەها داوای لە دانیشتوانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە، بۆ کاری پێویست و گرنگ نەبێت سەردانی نەجەف نەکەن.