ناتۆ: پشتگیری توركیا ده‌كه‌ین
داوایه‌ك له رووسیا و سووریا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری گشتی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، "یێنس ستۆلتنبێرگ" رایگه‌یاند، پێویسته رووسیا و سووریا هێرشیان بۆ سه‌ر شاری ئیدلب له باكووری سووریا رابگرن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، "ستۆلتنبێرگ" له‌گه‌ڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ناتۆ كۆبووه‌وه و پشتیوانی ناتۆی بۆ توركیا دووپات كرده‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ناتۆ له‌سه‌ر داوای توركیا ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات، كه شه‌وی رابردوو، له ئاكامی هێرشه‌كانی سوپای سووریا ده‌یان سه‌ربازی توركیا كوژران.
له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، سكرتێری ناتۆ گوتی: داوا له رووسیا و سووریا ده‌كه‌ین هێرش و بۆردومانه‌كانیان بۆ سه‌ر ئیدلب رابگرن.
گوتیشی: داواكارین مۆسكۆ و دیمه‌شق پشتیوانی هه‌وڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی له سووریا بێته ئاراوه.
داواشیكرد، رێگه بدرێت كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆیی به په‌له بگاته خه‌ڵكی گه‌مارۆدراوی سنووری پارێزگای ئیدلب.
له باره‌ی پشتیوانی توركیاوه، گوتیشی: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان بۆ پشتیوانیكردن بوو له توركیا. به پێویستی ده‌زانین توركیا توانای به‌رگری ئاسمانی زیاتر بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كان.