سەرباز بەرزنجی پرسەنامەیەک ئاراستەی مەسرور بارزانی دەکات
سەرۆکی گرووپی 'کورد بۆ کار' (Kurds for Labour)، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولواحید شێخ ئیبراهیم بارزانی دەربڕی.
دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، سەرباز بەرزنجی سەرۆکی گرووپی 'کورد بۆ کار' لە پەیامەکەدا، ناوی خۆی و تەواوی ئەندامانی گرووپی "کورد بۆ کار"ەوە، سەرەخۆشیی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی بنەماڵەی بارزان کرد بەهۆی ئەم کۆچە کتوپڕ و خەمناکەی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولواحید شێخ ئیبراهیم بارزانی دەربڕی..
لە بەشێکی پرسەنامەکەدا هاتووە: "کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو شێخ عەبدولواحید خەسارەتێکی گەورەیە. ناوبراو خاوەنی بڕوایەکی قووڵ، حیکمەت، تەوازوع و ئامادەیییەکی ئارامبەخش بوو؛ وەک نەوەیەکی ڕێبەری ناودار، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، بەوپەڕی سەربەرزی و شکۆوە میراتی ئایینی، نەتەوەیی و مێژوویی ئەو بنەماڵەیەی هەڵگرتبوو."
سەرۆکی گرووپی کورد بۆ کار جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆچی دوایی شێخ عەبدولواحید تەنیا لەدەستدانێک نییە بۆ بنەماڵەکەی، بەڵکو کۆستێکی گەورەیە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی ناسیویانە و ڕێزیان لەو پرەنسیپ و بەهایە بەرزانە دەگرت کە ئەو نوێنەرایەتیی دەکردن.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە خودای پەروەردگار داواکارین بە بەزەیی و میهرەبانیی بێپایانی خۆی ڕۆحی کۆچکردوو شاد بکات و بەرزترین پلەی بەهەشتی پێ ببەخشێت، هەروەها سەبووری، ئارامی و هێز بە جەنابتان، سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی بارزان ببەخشێت."