47 کەسی دیکە بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

کۆریای باشوور تۆمارکردنی 594 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنای راگەیاند

K24 - ھەولێر

47 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و کۆریای باشووریش تۆمارکردنی 594 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی راگەیاند.

دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاند لە 24 کاتژمێری رابردوودا 47 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گەیشتە دوو هەزار و 835 کەس.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کە 427 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمار کردووە و ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە گەیشتە 79 هەزار و 251 کەس.

دەسەڵاتدارانی کۆریای باشووریش ئاشكرای دەكات، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 594 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تۆمار کردووە و ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە لە کۆریای باشوور گەیشتە دوو هەزار و 931 کەس، هەروەها سێ کەسی دیکەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆریای باشوور گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە گەیشتە 16 کەس.