په‌رله‌مانتارێك: دوو ئامێری كۆرۆنا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دانراون یه‌كیان كارناكات و ئه‌وی دیكه‌ش هه‌ڵه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌

به‌ ڤیدیۆ.. په‌رله‌مانتارێك ئاشكرای ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، دوو ئامێری تایبه‌ت به‌ پشكنینی گه‌شتیاران بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دانراوه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان كار ناكات و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش به‌ هه‌ڵه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌.

جه‌واد موسه‌وی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی كردووه‌ په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت: "بۆ شانه‌ی قه‌یرانه‌كان كه‌ به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران پێكهێنراوه‌، ئاگادارن كه‌ دوو كامێرای تایبه‌ت به‌ گه‌رمیپێو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دانراوه‌، یه‌كێكیان كار ناكات و یه‌كێكیشیان خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌".

باسی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ كارمه‌ندان و ئه‌فسه‌رانی به‌شی پاسپۆرت، ده‌مامك و ده‌ستكێش به‌كارناهێنن و زۆربه‌ی زۆری گه‌شتیارانیش پشكنینیان بۆ ناكرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌می تیمی كارمه‌ندانی پزیشكی و ئامێر، له‌كاتێكدا دوایین حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌سێكه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داوای لێپێچینه‌وه‌ له‌ كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌م ده‌كات و داواش له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات، كه‌ به‌ په‌له‌ بێته‌ سه‌رخت و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستپێكات.

تا ئێستا له‌ عێراق 8 حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆماركراوه‌، كه‌ دووانیان له‌ به‌غدا، یه‌كێكیان له‌ نه‌جه‌ف و پێنج حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ كه‌ركووك تۆمار كراوه، سه‌رجه‌م تووشبووانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

 

له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی جیاوازیشدا، تیمی پزیشكی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، وه‌ڵامی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و قسه‌كانی به‌ ناڕاست وه‌سف ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "ئه‌و له‌كاتێكدا هاتووه‌، كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی دابه‌زیوه‌ له‌ وڵاتێك كه‌ پێویست به‌ پشكنین ناكات".

ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ ته‌نها گه‌شتیارانی 8 وڵاتپشكنینیان بۆ ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو گه‌شتیاران.

سه‌رۆكی تیمه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئامێره‌كان كارده‌كه‌ن و هیچ گرفتێكیان نییه‌، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پشكنینی بۆ كردووه‌، پێویست نه‌بووه‌ كاری پێ بكه‌ن، چونكه‌ گه‌شتیارانی فڕۆكه‌كه‌ بڕیاری پشكنین نایانگرێته‌وه‌.

ئ. م