"لایه‌نه كوردستانییه‌كان و عه‌للاوی نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن"
زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان سوورن له‌سه‌ر ده‌نگنه‌دان به عه‌للاوی
K24 - ھەولێر
تائێستا لایه‌نه كوردستانییه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك و گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامن.
فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی ئەمڕۆی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند: "تائێستا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان سوورن له‌سه‌ر ده‌نگ نه‌دان به حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د عه‌للاوی".
گوتیشی: "گفتوگۆكان له‌باره‌ی كابینه‌كه به‌رده‌وامن، به‌ڵام تائێستا نهگهیتشوونهته هیچ رێككه‌وتنێك".
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ئاماژەی بەوەشكرد: "خوازیارین عه‌للاوی ئه‌وه بزانێت كه عێراق پێویستی به هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه و پێویسته حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه پێكبهێندرێت".
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كرده‌وه: "ده‌بێت كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌للاوی، كه حكومه‌تێكی راگوزەر ده‌بێت، كارنامه‌یه‌كی دیار بێت، كه تا ئێستا ئه‌مه نه‌كراوه".
هاوكات نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا دووپاتیی ده‌كه‌نه‌وه به‌شداریكردنیان له كۆبوونه‌وه‌ی ئەمرۆی په‌رله‌مان به‌نده به ئه‌نجامی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو.