سووریا: ئەمەریکا نەوتەکەمان لە رێگەی تورکیاوە دەفرۆشێت

"لە هەندێک ناوچەی سووریا ژێرخانی ئابووری بە تەواوی داڕماوە"

K24 - ھەولێر

دەسەڵاتدارانی سووریا رایدەگەیەنن، ئەمەریكییەكان نەوتی سووریا دەفرۆشنە توركیا و لەوێشەوە رەوانەی  وڵاتانی دیكەی جیھانی دەکەن.

عاتف نەداف، وەزیری بازرگانی ناوخۆیی لە سووریا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لە چەند بەشێكی دیكەی سووریا تاوەكو ئێستاش ژێرخان و ھێڵی ئاسنین و ھەروەھا سەرجەم وێستگەكانی وزەی كارەبا  بە تەواوی داڕماوە و نەبوونی كارەبا واتای نەبوونی بەرھەمھێنانی ناوخۆییە.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە تشرینی یەكەمی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، توانایان ھەیە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ئەمریكا تایبەت بە بواری نەوت بنێرنە سووریا و بە شێوەیەكی دروست سەرجەم كارەكان بەڕێوەببات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند كە ئەمەریكا بە شێوەیەكی نایاسایی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی سووریا دەدزێت و دواتر دەیفرۆشیتەوە.