ره‌وتی حیكمه: دانووستان بۆ جێگره‌وه‌ی عه‌للاوی ده‌ستپێده‌كات
به هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان
K24 – هه‌ولێر:
ره‌وتی حیكمه رایگه‌یاند، كوتله و لایه‌نه سیاسییه‌كان سه‌رقاڵی دانووستان ده‌بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی، كه به هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان له باره‌یه‌وه، له پێكهێنانی حكومه‌ت كشاوه‌ته‌وه.
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ره‌وتی حیكمه، ئه‌سعه‌د مورشیدی رایگه‌یاند، به هۆی كۆتایی نه‌هاتنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ عه‌للاوی ده‌ستنیشان كرابوو، هێشتا لایه‌نه سیاسییه‌كان و كوتله‌كان ده‌ستیان به دانووستان نه‌كردووه.
گوتیشی: له سبه‌ی سێشه‌ممه‌وه گفتوگۆ و دانووستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی ده‌ستپێده‌كات.
بڕیار بوو دوێنێ، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌نگدان به كابینه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی كۆببێته‌وه، به‌ڵام پێش كۆبوونه‌وه‌كه، عه‌للاوی داوای لێبوردنی كرد و پاشه‌كشێی له راپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌ركه كرد، كه له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحه‌وه بۆی دیاریكرابوو.