ئه‌مه‌ریكا ره‌تیده‌كاته‌وه له هێرشی سه‌ر ئیدلب هاوكاری توركیای كردبێت
به هیچ جۆرێك كۆمه‌كی ئاسمانی نه‌كراوه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، مارك ئێسپر، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری ئاسمانی توركیای نه‌كردووه له‌و ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌ی له سنووری ئیدلب به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، مارك ئێسپر به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، له سه‌روبه‌ندی كوژرانی 33 سه‌ربازی توركیا له ئیدلب، ئه‌مه‌ریكا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هاوكاری مرۆیی زیاتر بگه‌یه‌نێته توركیا.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا، ئایا هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا پشتیوانی ئاسمانی له سوپای توركیای له خۆ گرتووه، مارك ئێسپر گوتی: نه‌خێر.
روونیشیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی، یێنس ستۆلتنبێرگ گفتوگۆی كردووه و ناتۆ ئاماده‌یه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر ره‌وشێكی له‌ناكاو ئه‌گه‌ر رووبدات.