ڤیان سه‌بری: ئه‌سته‌مه‌ له‌ 10 رۆژدا كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق یه‌كلا بكرێته‌وه‌

ته‌نیا 10 رۆژ له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ماوه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران

K24 – هه‌ولێر:

ته‌نیا (10) رۆژ له‌ به‌رده‌م كوتله‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ماوه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق و سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دووری ده‌زانێت له‌و ماوه‌یه‌دا بتوانرێت كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌ستنیشان بكرێت.

د. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تایبه‌ت به‌ سایتی كوردستان24 رایگه‌یاند، كاتژمێر (12)ی شه‌وی (16ی ئازار/ مارسی 2020) ئه‌و واده‌ ده‌ستوورییه‌ ته‌واو ده‌بێت، كه‌ دیاریكراوه‌ بۆ دیاركردنی كه‌سێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق.

ڤیان سه‌بری گوتیشی: به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی كوتله‌ و لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌ ته‌وافق له‌ باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه‌ بكه‌ن و دواتر ته‌وافقێكی نیشتمانی له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ كورد و سوننه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش بگرێته‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، تا ئێستا هیچ كه‌سایه‌تی و ناوێك پێشنیاز نه‌كراوه‌ و روون نییه‌، ئایا كێ ده‌بێته‌ راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

روونیشیكرده‌وه‌، بژارده‌ی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌، جارێكی دیكه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردرێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بژارده‌یه‌ك یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و پرسه‌ پێویستی به‌ ته‌وافقێكی شیعه‌كان له‌ لایه‌ك و ته‌وافقێكی نیشتمانی له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئه‌سته‌میشی زانی له‌و ماوه‌ دیاریكراوه‌ی كه‌ ماوه‌، لایه‌نه‌كان بتوانن بگه‌نه‌ رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.