کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە لایەن چین رێکخراوی تەندروستی جیهان تووشی سەرسوڕمان دەکات

پلانێکی تۆکمەیان هەیە و قەرەبووی زیانەکان دەکەنەوە

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چین دەیەوێت دووبارە کارگەکانی بەگەڕ بخاتەوە.

چەند کۆمپانیایەکی چینی لە ناویان کۆمپانیای RELX، مووچەی کارمەندانی بە رێژەی 20% زیاد کردووە، تاوەکو لەم کاتە بێنەوە سەر کارەکانیان و خەمەکان بڕەوێنەوە.

چین بەهۆی کۆرۆنا زیانێکی زۆری کردووە، لە هەندێک ناوچە هاتووچۆ لە رێگای فڕۆکە و شەمەندەفەرەکان بە رێژەی %80 کەمیکردووە، کارگەکان داخراون و هەناردە و هاوردە کەمیکردووە.

لەگەڵ ئەوەش، بەهۆی رێکارە تووندەکانی و کەمکردنەوەی حاڵەتە نوێکان، چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا داخراون.

رۆبێرت کۆچ وەکو پزیشکێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هاوڕێ لەگەڵ 13 ئەندامی دیکەی رێکخراوەکە چوونەتە چین و دەڵێن، رێکار و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکان دووچاری سەرسوڕمانی کردین.

رۆژ دوای رۆژ، تۆمارکردنی حاڵەتی نوێ لە چین کەمتر دەکات، بە جۆرێک چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، رۆژانە هەزاران حاڵەت تۆمار دەکران، بەڵام ئێستا رۆژانە کەمتر لە 300 حاڵەت تۆمار دەکرێن و چاوەڕوان دەکرێت، تا کۆتایی ئەم مانگە، هیچ حاڵەتێکی نوێ لە چین تۆمار نەکرێت.

ئەو ئەندامانەی رێکخراوی تەندروستی جیهان داوا لە جیهان دەکەن، لە چین فێربن و هەمان تەکنیک بەکاربهێنن، تاوەکو بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو ڤایرۆسە بکەن.

چین شارەکانی لەیەک دابڕی و خەڵکەکەی لە ماڵەکانیان هێشتەوە، لە هەندێک ناوچە حکومەت خواردن و پێداویستی دابەش دەکرد بەسەر ماڵەکاندا. هەروەها چەندین نەخۆشخانە و تیمی پزیشکی خستە خزمەتی نەخۆشان، ئەو کەسانەشی پابەند رێنماییەکان نەبوونایە، سزای دەدان.

حکوومەتی چین بڕیاریداوە، هێواش هێواش کارگە و بازرگانییەکانی بەکاربخاتەوە، بەجۆرێک، قەرەبووی زیانەکانیش بکاتەوە بۆ ئەوەش سەرۆکی ئەو وڵاتە پلانێکی راگەیاندووە.

SKYNEWS