ئێران و عومان بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە رێککەوتن

ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانی لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان سەبارەت بە دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی ئارام و کاتی لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕواندەکرێت لە چەند داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی لەو بارەیەوە رابگەیەنرێت.

دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، دانوستانەکان پێشکەوتنی زۆر باشیان بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەوەش کرد ئامانجی ئەم رێککەوتنە رێکخستنی رێڕەوێکی ئارامە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە رێگەی گەرووەکەوە و هیوای خواست لایەنی سێیەم نەیەتە نێو بابەتەکە و دەستوەردان نەکات بۆ تێکدانی ئەم تێگەیشتنە.

لە لایەکی دیکەوە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، تاران لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوچەیەکی قەدەغەکراوی نوێ لە کەنداو رادەگەیەنێت هاوکات دەبێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نەخشەی رێڕەوە دەریاییە نوێیەکە، رەزایی جەختیکردەوە، هەر کەشتییەک بچێتە ناو ئەو ناوچە نوێیەی دیاریکراوە، ناوی دەخرێتە لیستی سزاکانی ئێرانەوە.

هەر بەگوێرەی گوتەکانی رەزایی، نەخشەی رێڕەوە نێودەوڵەتییە نوێیەکە دەکەوێتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و عومان بەمزووانە پەسەند دەکرێت و واژۆی لەسەر دەکرێت و ئەرکی بەڕێوەبردنەکەشی لە ئەستۆی ئێراندا دەبێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمێک دابەزی، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی زیادبوونی جوڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، نرخی خاوی برێنت بۆ 96.38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، دوای ئەوەی پێشتر گەیشتبووە نزیکەی 98 دۆلار.

ئەم هەنگاوەی ئێران و عومان لە کاتێکدایە ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر گەڕانەوەی جوڵەی دەریاوانی بۆ دۆخی پێش جەنگ دەکاتەوە و دژی سەپاندنی هەر جۆرە رسومات و رێگرییەکە لەو ناوچە ستراتیژییەدا.