لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بەرپرسێكی حکوومەتی عێراق دڵنیایی دەدات

"لە بارەی دابەزینی نرخی نەوت حکوومەتی عێراق پلانی داڕشتووە"

K24 - ھەولێر

مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای مەترسییەکان لە دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام بەغدا دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

راوێژکاری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، دابەزینی نرخی نەوت کاتییە، پلانێکی کورت مەودا ئامادەکراوە، بە تایبەت بودجەی عێراق زیاتر لە 93% پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.

ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیران نەیشاردەوە، دابەزینی نرخی نەوت مەترسییەکی راستەقینەیە، هەروەها حکوومەتی عێراق کاردەکات، بۆ چارەسەر کردنی بارودۆخەکە بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، کە مەبەست لێی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە.

دەشڵێت، گەرەنتی کردنی مووچەی فەرمانبەران گرنگترین کاری حکوومەتە، بۆیە هیچ مەترسییەک لە سەر کەمکردنەوەی مووچەکانیان نییە، و حکوومەت ئامادەیە هەموو شتێک رابگرێت بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست نەبێت.