قەیرانی ئابووری توركیا قوڵتر دەبێتەوە
"قەرزی هاووڵاتیانی تورکیا گەیشتووەتە 617 ملیار لیرە"
K24 - ھەولێر
قەرزی هاووڵاتییانی تورکیا لەسەر كڕینی كاڵا و شتومەك گەیشتووەتە 617 ملیار لیرەی توركی.
بەگوێرەی ئاژانسی بۆڵد میدیای توركی، ئەردۆغان تۆپڕاك گەورە راوێژكاری پارتی گەلی کۆماری حیزبی كۆماری لە توركیا رایگەیاندووە، قەیرانی ئابووری لە توركیا رۆژ بە رۆژ قوڵتر دەبێتەوە و لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا قەرزی بەكاربەر بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی نێوان 27 ی كانوونی یەكەمی 2019 تاوەكو 21ی شوباتی 2020، قەرزی بەكاربەر و پسوولەی دڵنیایی شایستەی بانكەكان و كۆمپانیاكانی پارەداركردن لە توركیا گەیشتووەتە 616.7 ملیار لیرە، بەزیادەیەك دەگاتە 26.3 ملیار لیرە و تێكڕای بێكاری و ھەڵاوسان و ھەژاری لە وڵاتەكە بووەتە ھۆكار كە ھاووڵاتیان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە سەرەكییەكانیان، قەرز لە بانكەكان وەرگرن، بەجۆرێك بەھای ئەو قەرزەی كە بانكەكان داویانەتە ھاووڵاتییان بەگشتی گەیشتووەتە دوو ترلیۆن و 730 ملیار لیرە.