دانەگاز لەبارەی دابەزینی نرخی نەوت دڵنیایی دەدات
"بەرهەمەکانمان بە گرێبەستەکانی داهاتوو فرۆشتووە"
K24 - ھەولێر
داناگاز جەخت لەوەدەكاتەوە، كە دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەری نەكردووەتە سەر پرۆسەكانی كاركردن لە كۆمپانیاكە.
كۆمپانیای داناگاز لە راگەیدراوێکدا بڵاویکردەوە، پلانەكانی گەشەسەندن و پرۆسەكانی كاركردن لە كۆمپانیاكە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت نەوەستاوە و گازی سرووشتی 75%ی بەرھەمھێنانی كۆمپانیاكە پێكدێنێت و بەگوێرەی گرێبەستە درێژ مەوداكان دەفرۆشرێت.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، فرۆشی گاز نیوەی داھاتی كۆمپانیاكە پێكدێنێت و تەنانەت لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتیش، گەرەنتی داھاتەكانیان بە فرۆشتنی گرێبەستی پێشوەختە كردووە و ئێستاش كۆمپانیاكە لە نزیكەوە چاودێری دۆخی بازاڕی جیھان دەكات، ھەر گۆڕانكارییەك رووبدات ئەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست ئامادەن و ئێستاش كۆمپانیاكە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە كە لە تۆماكردنی گەشەیەكی گەورەی بەرھەمھێنانی داناگاز بەشدارە.