ئەمەریکا بەنیازه کۆمەڵێک بەرپرسی عێراقی بخاته ناو لیستی سزا

بەهۆی تێوەگلانیان له سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران

K24 – هه‌ولێر:

سەرچاوەیەک ئاشکرایکردووه، واشنتۆن دەیەوێت کۆمەڵێک بەرپرسی عێراقی بەهۆی تێوەگلانیان له سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، بخاته ناو لیستی سزاکانی.

سەرچاوەکه دەڵێت: "راپۆرتی هەفتەی رابردووی نەتەوه یەکگرتووەکان، ئەگەری ئەوەی زیاتر کردووه، که کۆمەڵێک کەسایەتیی عێراقی که دەستیان له سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەبووه، بخرێنه ناو لیستی سزاکانی ئەمەریکا، لەوانەش بەرپرسی پلەبەرزیشی تێدا بێت".

بەپێی راپۆرتەکه، "کۆمەڵێک چالاکوانی ئەمەریکیش هەوڵی ئەوە دەدن، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەم دۆسیه لەخۆ بگرێت". 

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: "هەندێک لایەنی سیاسیی عێراقی، باڵیۆزی ئەمەریکا بەم کاره تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەو دەستی له نووسینی راپۆرتەکەی نەتەوهیەکگرتووەکاندا هەبووه و ئەمەش مەبەستی سیاسیی له پشته".

بەپێی راپۆرتەکه بێت، ئەوانەی ناویان بۆ لیستی سزا ئاماده کراوه، زیاتر له 20 کەسایەتیی عێراقین.