"سێ قەیران یەخەی عێراق دەگرن"

راپۆرتێك: عێراق بەرگەی قەیرانەكان ناگرێت

K24 - ھەلێر

رۆژنامەی ناشناڵ ئینترێستی ئەمەریكی، عێراق بەرگەی قەیرانەكان ناگرێ، لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی "عێراق بەرگەی قەیرانەكان ناگرێت" باس لە دۆخی ئێستای عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات.

رۆژنامەكە رایگەیاندووە "دیارنەكردنی سەرۆك وەزیران و  بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، عێراق دووچاری گەورەترین قەیران دەكاتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە "كەڵەكەبوونی ئەو سێ قەیرانە لەماوەی ئەمساڵدا دەبێتە گەورەترین ھەڕەشە بۆسەر ئابوورییەكەی كە لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبوو".

ئەو رۆژنامە ئەمەریكییە لەراپۆتێكەیدا باسی دۆخی ئێستای عێراق دەكات و نووسیویەتی "دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناجێگیرەی بازاڕ،  وادەكات بەغدا دووچاری زۆرترین قەیران بێێتەوە، ئەمەش راستەخۆ كاریگەری دەكاتە سەر داھاتی نەوت و كورتھێنانی بودجەكەشی زیاد بكات، بۆیە پێشبینی دەكرێ ساڵی 2020 سەخترین ساڵ بێت بۆ عێراقییەكان".

رۆژنامەی ناشیناڵ ئینترێست ئەوەشی ئاشكراكردووە "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیھان و عێراقدا كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ئابوورییەكەی و دوای كەرتی نەوت، كەرتی گەشتیاری ئاینی  و بازرگانی گەورەترین زیانیان بەركەوتووەو ئەمەش وایكردووە كاروكاسبی كەمبێتەوەو بژێوی ژیانی ھاووڵاتیانی ئەستەم بێت، ھەروەھا داسخستنی دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ئێران، جوڵەی بازرگانی لەنێوخۆ و دەرەوەدا پەككەوتووە.

لە بەشێكی راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە "پرسی دیارینەكردنی سەرۆك وەزیرانێك بۆ حكوومەت، جۆرێك لە بێ متمانەی خستووەتە نێو بازاڕ و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكانیش داھاتووی ئابووری عێراقی خستووەتە مەترسیەوە، ھەروەھا سەرەڕای قەیران و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و ھەژار، لەھەمانكاتدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق دوای 2003، بەرژەیەكەی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك دوای ئۆپەراسیۆنی گەلوولی بیابان ژمارەی دانیشتوانی عێراق تەنیا 24 ملیۆن كەس بووە، كەچی ئێستا نزیك بووەتەوە لە 38 ملیۆن كەس و پێشبینی دەكرێ تاكو ساڵی 2050 ژمارەكە بگاتە 50 ملیۆن كەس. ئەمەش ئەركی حكوومەت لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەتایبەتی لەدابینكردنی ھەلی كار زیاتر دەكات".