یوڤێنتۆس ده‌یه‌وێت خه‌ونه‌كه‌ی ریال مه‌درید له ناوببات
یوڤی هه‌وڵده‌دات شكست به‌م ئامانجه‌ی ریال مه‌درید بهێنێت
.jpg)
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا، یانه‌ی یوڤێنتۆس به گرێبه‌ستێكی گه‌وره ده‌یه‌وێت هاری كه‌ین بگوازێته‌وه و ئه‌م یاریزانه بكاته هاوشێوه‌ی بێنزێما بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا به پشتبه‌ستن به راپۆرته هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی توتوسپۆرتی ئیتاڵیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه یانه‌ی یوڤێنتۆس ده‌یه‌وێت پێش ریال مه‌درید هاری كه‌ین له چنگی تۆتێنهام ده‌ربێنێت و بۆ وه‌رزی داهاتوو بیخاته پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ له هێڵی پێشه‌وه.
یانه‌ی تۆتێنهام شه‌وی رابردوو له قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر لایپزیگ تووشی شكستێكی قورس بوو و ماڵئاوایی له پاڵه‌وانێتییه‌كه كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌ستمه بتوانێت وه‌رزی داهاتووش به‌شداریی له‌م پاڵه‌وانێتییه بكات، چونكه 4 پله‌كه‌ی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگی له‌ده‌ستداوه، بۆیه میدیاكانی بریتانیا به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هاری كه‌ین بڕیاری داوه بۆ وه‌رزی داهاتوو تۆتێنهام جێبهێڵێت.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی ریال مه‌درید، مانچێسته‌ر یونایتد و پاریس سانجێرمان بۆ گواستنه‌وه‌ی هاری كه‌ین له‌سه‌ر هێڵن، به‌ڵام یانه‌ی یوڤێنتۆس له هه‌مووان زیاتر له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه سووره و ده‌یه‌وێت وه‌رزی داهاتوو هاوشێوه‌ی بێنزێمای ریال مه‌درید درێسی ژماره 9 بپۆشێت و ببنه دووانه‌یه‌كی به‌هێز بۆ باشتركردنی هێڵی پێشه‌وه‌ی یوڤی.
هاری كه‌ینی ته‌مه‌ن 26 ساڵ، له ئه‌كادیمیای یانه‌ی تۆتێنهام پێگه‌یشتووه، به‌ڵام ئه‌م یانه‌یه به‌شێوه‌ی خواستن یاری بۆ یانه‌كانی میلوال، لێیتۆن، نۆریچ سیتی و لێسته‌ر سیتی كردووه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی 2013ـه‌وه له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی تۆتێنهام یاری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م وه‌رزه هاری تووشی پێكانێكی قورس هاتووه و ته‌نیا به‌شداریی له 25 یاری كردووه و 17 گۆڵ و 2 ئاسیستی تۆمار كردووه.
