ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق ئاماری زیانه گیانییه‌كانی بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاند
ئه‌مه‌ریكا بۆردومانی سوپا وپۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی كرد
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، رایگه‌یاند، له كاتژمێر (01:00)ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13ی ئازار/ مارسی 2020)، عێراق رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژییه‌كی بێ پاساوی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه‌وه كه كه‌رته‌كانی سوپا و هێزه‌كای مغاویری سه‌ر به فیرقه‌ی نۆزده و باره‌گای لیوای (46)ی حه‌شدی شه‌عبی و فه‌وجی سێی پۆلیسی بابلی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری پارێزگاكه و فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لای گرته‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه ئه‌و په‌لاماره بووه‌ته هۆی:
1- كوژرانی سێ سه‌رباز و برینداربوونی چوار سه‌ربازی دیكه له فیرقه‌ی نۆزده‌ی مغاویر و دووانیان ره‌وشی ته‌ندرووستیان سه‌قامگیر نییه.
2- كوژرانی دوو سه‌رباز و برینداربوونی دووی دیكه له هێزی فریاكه‌وتنی بابل.
3- برینداربوونی پێنج چه‌كداری ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی.
4- گیانله‌ده‌ستدانی كرێكارێكی مه‌ده‌نی له فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لا، كه هێشتا كاری تێدا ده‌كرێت و كارمه‌ندێكی دیكه‌ش بریندار بوو.
پێنجه‌م: وێرانكردنی ژێرخانی سه‌رجه‌م باره‌گا به ئامانجگیراوه‌كان.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، فه‌رمانده‌ییه‌كه ئیدانه‌ی توندی ئه‌و هێرشه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكای كردووه و به پێشێلكردنی بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوپه‌یمانی وه‌سفی كردووه.