به‌رهه‌م ساڵح ئیدانه‌ی بۆردومانی "بیانییه‌كان"ی بۆ سه‌ر حه‌شد و سوپا كرد
كێشه ئه‌منییه‌كان به پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كرێن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، هێرشی بیانی بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك پێگه له ناو عێراقدا، له ناویاندا فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لا، كه هێشتا له قۆناغی درووستكردندایه ئیدانه ده‌كه‌ین.
له به‌یاننامه‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆمار ئه‌و هێرشه‌ی به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری نیشتمانی عێراق له‌قه‌ڵه‌مدا و راشیگه‌یاند، كێشه ئه‌منییه‌كان به پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی راپه‌ڕێنێت و توانا و ئیراده‌ی به‌هێز بێت و یاسا بچه‌سپێندرێت چاره‌سه‌ر ده‌بێت و نابێت رێگه بدرێت عێراق بكرێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، رایگه‌یاند، له كاتژمێر (01:00)ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13ی ئازار/ مارسی 2020)، عێراق رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژییه‌كی بێ پاساوی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه‌وه كه كه‌رته‌كانی سوپا و هێزه‌كای مغاویری سه‌ر به فیرقه‌ی نۆزده و باره‌گای لیوای (46)ی حه‌شدی شه‌عبی و فه‌وجی سێی پۆلیسی بابلی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری پارێزگاكه و فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لای گرته‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه ئه‌و په‌لاماره بووه‌ته هۆی:
1- كوژرانی سێ سه‌رباز و برینداربوونی چوار سه‌ربازی دیكه له فیرقه‌ی نۆزده‌ی مغاویر و دووانیان ره‌وشی ته‌ندرووستیان سه‌قامگیر نییه.
2- كوژرانی دوو سه‌رباز و برینداربوونی دووی دیكه له هێزی فریاكه‌وتنی بابل.
3- برینداربوونی پێنج چه‌كداری ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی.
4- گیانله‌ده‌ستدانی كرێكارێكی مه‌ده‌نی له فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ربه‌لا، كه هێشتا كاری تێدا ده‌كرێت و كارمه‌ندێكی دیكه‌ش بریندار بوو.
پێنجه‌م: وێرانكردنی ژێرخانی سه‌رجه‌م باره‌گا به ئامانجگیراوه‌كان.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، فه‌رمانده‌ییه‌كه ئیدانه‌ی توندی ئه‌و هێرشه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكای كردووه و به پێشێلكردنی بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوپه‌یمانی وه‌سفی كردووه.