بڕیارێكی حكومەتی عێراق مەترسی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا زیاد دەكات
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدات
K24- هەولێر:
عەلی ئەلبەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق هۆشداری دەدات، لەوەی كە بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ بڵاوبووەتەوە، ببێتە هۆی خێرا تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە لە وڵات.
لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بەیاتی نووسیویەتی: "داخستنی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەتای كۆرۆنایان لێ بڵاوبووەتەوە و لە بەرامبەردا كردنەوەی فڕۆكەخانەكان تا كاتێكی نادیار بەمەبەستی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەو وڵاتانە، مانای وایە رۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووان لە عێراق زیاتر دەبێت، ئەمەش بەوەی كە ژمارەیەك لە گەڕاوەكان تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و لەگەڵ ژمارەیەكی دیكەش بەركەوتنیان دەبێت".
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق دووپاتی كردەوە، "پرۆسەی ئەنجامدانی پشكنین بۆ گەشتیاران لە فڕۆكەخانە، مانای وا نییە كە ئەوانەی پشكنینیان بۆ دەكرێت هەڵگری ڤایرۆسەكە نین".
ئەم تویتەی بەیاتی دوای ئەوە هاتووە، بەگوێرەی بڕیارێكی حكومەتی بەغدا، ئەمڕۆ داخستنی سنوورەكان بەڕووی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عێراقی لە دەرەوە دادەخرێن، بەڵام لە بەرامبەردا رێگەیان پێدراوە لە رێگەی فڕۆكەخانەكانەوە بگەڕێنەوە و هیچ وادەیەكیش بۆ داخستنی فڕۆكەخانەكان دیاری نەكراوە.
H.B