بەهۆی كۆرۆنا عێراق بڕیاری داخستنی ئاسمانەكەی جێبەجێ دەكات
ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێت
K24- هەولێر:
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵات بەڕووی گەشتەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا جێبەجێ دەكرێت و بڕیارەكە تا 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوە لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، ئەم هەنگاوە لە پێناو رێگریكردنە لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە بڕیارەكانی لیژنەی دیوانیی تایبەت بە بەرەوپێشچوونەكانی دۆخی تەندروستی و رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق".
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا هاتووە، "وەزارەت بۆ هاووڵاتیان جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە رێنمایی و بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو و راسپاردەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكاتەوە، وەزارەت پابەندە بە چڕكردنەوەی رێكارەكانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی خۆپارێزی و رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی پەتاكە لە عێراق و پارێزگاریكردن لە سەلامەتی هاووڵاتیان لە مەترسی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، كاتژمێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17/3/2020 ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەكانی ناوخۆیی و دەرەوەدا دادەخرێت.
H.B