وەزارەتی تەندروستی عێراق پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات
"مانەوە لە ماڵەوە تاكە رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە كارەساتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵات"
K24- هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە یەكەم رۆژی قەدەغەی هاتوچۆ لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە، پەیامێكی ئاراستەی هاووڵاتیانی دەكات و جەخت دەكاتەوە، "مانەوە لە ماڵەوە تاكە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا".
حەعفەر سادق عەللاوی لە پەیامەكەیدا روو لە هاووڵاتیانی عێراق دەڵێت: "بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەرەنجامی پرۆسەی تاوتوێكردنی پرسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنایە لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی و لیژنە راوێژكارییەكان و پسپۆۆڕانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە فەرمییەكان بۆ گەیشتن بە باشترین رێگە بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی ئێوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی و شانەی قەیرانەكانی وەزارەت بەو پەڕی راشكاوانە هەموو وردەكارییەك لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لێكەوتەكانی و ژمارەی تووشبوون و چاكبوونەوە بۆ رای گشتی و خەڵكی خۆمان رادەگەیەنین".
گوتیشی: "مانەوە لە ماڵەوە و پابەندبوون بە قەدەغەی هاتوچۆ و بەدواداچوون بۆ رێنماییە تەندروستییەكانی دامەزراوە فەرمییەكان، تاكە رێگەیە كە ئێستا بۆ رزگاربوون لە كارەساتی بڵاوبوونەوەی پەتاكە پشتی پێ دەبەسترێت".
عەللاوی ستایشی هەڵەكانی هێزە ئەمنییەكانیشی كرد، بۆ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە وڵات و داواشی لێكردن، "رێگە بە هیچ كەسێك نەدەن لە دەرەوەی ئەو رێنماییانەی شانەی قەیرانەكانی وەزارەت بڕیاری لەسەر داوە، هاتوچۆ بكەن، بۆ ئەوەی لایەنە تەندروستی و خزمەتگوزارییەكان بتوانن بە ئەركی خۆیان لە پاككردنەوە و تەعقیمركدنی دامەزراوەكان و ناوچەكانی نیشتەجێبوون هەڵسن".
H.B
.jpg)
.jpg)