سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا دەكاتەوە
چەند پرسێكی هەنوكەیی تاوتوێ كران
K24- هەولێر:
ئەمڕۆ لە دیدارێكی نێوان فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق و عەدنان زورفی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ژمارەیەك پرسی هەنووكەیی تاوتوێ كران، گرنگترینیان چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە دیدارەكەدا كە لە نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروبارەی دارایی بەڕێوەچوو، فوئاد حوسێن پیرۆزبایی راسپاردنی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ لە زورفی كرد و هیوای خواست، لەو ئەركەی پێی سپێردراوە سەركەوتوو بێت.
لە لای خۆشیەوە عەدنان زورفی پروپۆزەڵ و كارنامەی حكومەتەكەی و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتەكانی خستەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆیی و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان لە بارەی راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ كرا. هەردوو لا لەسەر گرنگیی یەكخستنی هەڵوێستەكان و كۆدەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە لە مێژووی عێراقدا هاوڕا بوون.
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، دیدی خۆی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و رێگەكانی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خستەڕوو.
ھەروەھا گفتوگۆ لە بارەی دۆخی گشتیی ئابووری و كاریگەریەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر تەواوی دۆخی دارایی كرا و باس لە پلانەكانی داهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانانەی وڵات پێیدا گوزەر دەكات كرا، كە بەشێكە لە قەیرانەكانی ناوچەكە و سەرانسەری جیهان.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی سەردانەكەی عەدنان زورفی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی كرد و جەختی كردەوە، پەیامەكەی بە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەگەیەنێت.
تاوتوێكردنی دۆخی هەرێمی و كاریگەری رەهەندە نێودەوڵەتییەكان لەسەر واقعی سیاسی عێراق بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.
H.B