هۆشداری لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی كارەساتی ئیتاڵیا لە عێراق دەدرێت

"ئیتاڵیا وڵاتێكی پیشكەوتووە بەڵام كەوتە تەڵەی كارەساتی كۆرۆناوە"

K24- هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی  كارەساتەكەی كۆرۆنای ئیتاڵیا لە عێراق دەدات، ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە پزیشكییەكان نەبن، كە تایبەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەركراون.

لیوا خالید مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا دووپاتیكردەوە، "ئیتاڵیا وڵاتێكی پێشكەوتووە ،بەڵام كەوتە تەڵەی كارەساتێكی گەورەی كۆرۆنا، ئەویش بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، بە رێنمایی و رێكارەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا"، بۆیە وەك رایگەیاند، "ئەگەر لە عێراقیش پابەند نەبن، هەمان كارەسات لە وڵاتەكەمان دووبارە دەبێتەوە".

لیوا خالید جەختی كردەوە، "پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، بۆ ئەوەی خۆیان و دەوروبەریان سەلامەت بن"، گوتیشی: "قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی مەترسییەكانی گواستنەوەی كۆرۆنا راگەیەندراوە".

هەروەها گوتی: "ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڕەشە لە ژیانی تەواوی خەڵك دەكات و پێویستە هاووڵاتیان خۆبەخشانە پابەندی قەدەغەی هاتووچۆ بن، چونكە مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسە لە عێراق بەبێ پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنمایی تەندروستی و قەدەغەی هاتووچۆ ناڕەوێنەوە".

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرایكرد، "دەستبەسەرداگرتنی 19 هەزار ئۆتۆمبێل كە سەرپێچی قەدەغەی هاتووچۆیان كردووە، رێژەیەكی كەم نییە". گوتیشی: "لە ماوەی 2 رۆژی رابردوودا، هاووڵاتیانی پارێزگای بەغدا و ژمارەیەك پارێزگای دیكە بەڕێژەیەكی بەرچاو پابەندی رێنماییەكان بوونە".

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی 33 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە سەرانسەری عێراق راگەیاند، وێڕای راگەیاندنی 3 حاڵەتی مردن بەهۆی پەتاكە.

وەك ئاماژەشی پێدا، كۆی ژمارەی تووشبووان لە سەرانسەری عێراق گەیشتووەتە 266 حاڵەت، لەو ژمارەیەش 62 كەس بە تەواوی چاك بوونەتەوە.

H.B