مالیكی: پاڵپشتی لە كاندیدێك ناکەین كاندیدی گەورەترین کوتلە نەبێت
"هەڵوێستی دەوڵەتی یاسا نەگۆڕە"
K24 - ھەولێر
سەرکردەی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای دووپاتیدەکاتەوە، پاڵپشتی لەو کاندیدانە ناکەن کە كاندیدی گەورەترین کوتلە نەبێت.
نوری مالیکی، سەرکردەی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا نووسیویەتی "هەڵوێستی دەوڵەتی یاسا لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت نەگۆڕە، ئەویش دەستنیشانکردنیەتی لەلایەن گەورەترین کوتلەوە".
مالیکی روونیکردووەتەوە "دەستنیشانکردنی کاندیدەکەش دەبێ رەزامەندی نیشتمانی لەسەربێت و ئەوان ئامادەنین پاڵپشتی لە هیچ کاندیدێک بکەن کە یەکێک لەو دوو مەرجانەی تێدا بەدینەکرێت".
نوری مالیکی، لە درێژەی تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ترسیان لە لێکدابڕانی سیاسی و کاردانەوەکانی لەسەر پڕۆسەی سیاسی هەیە، کە ئێستا رووبەڕووی چەندین تەحەدا بووەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە عەدنان زورفی، لە 17/3/2020 لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق راسپێردراو، بەڵام كۆرۆنا و بەشێكی كوتلە شیعەكان لەوانە فەتح و دەوڵەتی یاسا و سادیقون بوونەتە لەمپەری گەورە لەبەردەمیدا.