رۆژنامەیەكی ئەمەریكی: عێراق رووبەڕووی سەختترین 4 قەیران بووەتەوە

"بەرەو جەنگ پاڵ بە عێراقەوە دەنرێت"

K24- هەولێر:

رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ئێستا 4 لە خراپترین قەیرانەكان بەرۆكی عێراقیان گرتووە.

لە راپۆرتەكەیدا نیۆیۆرك تایمز ئاماژە بەوە دەكات، یەكێك لەو قەیرانانەی تووشی عێراق بووە، دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕی وزەی جیهان، كە بە سەرەكیترین داهاتی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

هەروەها نووسیویەتی، قەیرانێكی دیكەی سەخت كە عێراق پێیدا گوزرە دەكات، شكستهێنانیەتی لە پێكهێنانی حكومەت دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە مانگی نۆڤەمبەری رابردووەوە.

راپۆرتەكەی نیۆیۆرك تایمز ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوەندەی دیكە قەیرانەكانی عێراقی قووڵتر كردووەتەوە.

سەبارەت بە قەیرانی چارەمیش جەخت دەكاتەوە، ئەو وڵاتە لە بەدەستهێنانی هاوكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شكستی هێناوە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئەو رۆژنامە ئەمەریكییە دووپاتی كردووەتەوە، سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە چوارچێوەی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بووەتە هۆی داخستنی شوێنە بازرگانییەكان و زۆربەی كارمەندە ناحكومییەكان پیشەكانیان لەدەستداوە.

باسی ئەوەش دەكات، تا ئێستاش گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە هێرشەكانیان بۆ سەر هێزە ئەمەریكییەكان بەردەوامن، بۆیە مەترسی ئەوە هاتووەتە ئاراوە، كە بەو هۆیەوە عێراق لەسەر ئاستێكی فراوان پەلكێشی ناو جەنگێكی ئەمەریكی ئێرانی بكرێت.

H.B