كوتلەی بەرهەڵستكارانی زورفی دوو ناوی دیكە لە شوێنی ئەو پێشنیاز دەكەن

"سەردانەكەی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا رەتكردنەوەی زورفی لێكەوتەوە"

K24- هەولێر:

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئاشكرایانكرد، ئەو كوتلانەی بەرهەڵستی راسپاردنی عەدنان زورفی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دوو ناوی دیكەیان بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز كردووە.

بەگوێرەی میدیاكان، یەكێك لە سەرچاوەكان كە ئاماژە بە ناوی نەكراوە، رایگەیاندووە، "سەردانەكەی شەوی رابردووی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا گۆڕانكاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانەش رەتكردنەوەی زورفی لەسەر ئاستێكی فراوان"، كە وەك ئاماژەی پێدا، "ئەو سەردانەی قائانی بووەتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی دوو كەسی دیكە لە شوێنی زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێشنیاز بكرێن".

سەبارەت بە ناسنامەی ئەو دوو كەسەش كە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت پێشنیاز كراون، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكردووە، "ئەو دوو كەسە بریتین لە هەریەك لە قاسم ئەعرەجی، وەزیری پێشووی ناوخۆ و عەبدولحوسێن عەبتان، وەزیری وەرزش و لاوان".

ئاماژەی بەوەشدا، "هێشتا ئەو هەوڵانە یەكلایی نەبوونەتەوە و تا ئێستا كوتلە سیاسییەكان چاوەڕێی رای موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتی سەدرن لەبارەی ئەو دوو ناوانە و دواتر یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە، عەدنان زورفی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە دانوستاندایە، بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەوان بەدەستبهێنێت و دەنگ بە حكومەتەكەی بدەن، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیكەری حكومەتەكەی بۆ دەنگدان بگەیەنێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

H.B