بایرن میونشن ده‌ستی به‌ مه‌شقه‌كان كرده‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ركابه‌ره‌كانی شۆك بكات

رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا پلانی بایرن میونشنی ئاشكرا كرد

یانه‌ی بایرن میونشن له‌سه‌ر ئاستی 5 خوله‌ به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا بووه‌ یه‌كه‌مین یانه‌ كه‌ ده‌ستی به‌ مه‌شق و راهێنانه‌كان كرده‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئه‌ڵمانیاش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ یانه‌ باڤارییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بقۆزێته‌وه‌ و به‌جه‌سته‌یه‌كی به‌هێز خۆی بۆ ركابه‌ره‌كانی ئاماده‌ بكاته‌وه‌.

ماڵپەری فەرمی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا بڵاویکردووە کە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی دەست بە ئامادەکارییەکانیان دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا ئەوان تەواوی رێنماییە پزیشکیەکان جێبەجێ دەکەن و بریاریشیانداوە کە یاریزانەکان کەمترین بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکتری هەبێت و داواشیان لە هاندەران کردووە تاوەکو بتوانن سەردانی کەمپی راهێنانەکان نەکەن و دوور بن لە یاریزانەکان.

بێجگە لە باڤارییەکان یانەکانی دیکەی ئەڵمانیاش دەتوانن لەمرۆوە دەتوانن لەسەر رێنماییەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێ وڵاتەکەیان دەست بە راهێنانەکانیان بکەنەوە.

باڤارییەکان لە کاتێکدا بریاریانداوە کە ده‌ست بە ئامادەکارییەکانیان بکەنەوە، لە مانگی رابردووە بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆندزلیگای ئەڵمانیا وەستاوە و کۆتایی ئەم مانگە وەکو وادەی دەستپێکردنەوەی دیاریی کراوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا نووسیویه‌تی: بایرن میونشن ده‌یه‌وێت دۆخی جه‌سته‌یی ئێستای تیپه‌ ركابه‌ره‌كانی بقۆزێته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ مه‌شقه‌كان دابڕاون، ده‌یانه‌وێت پێش هه‌مووان ده‌ست به‌هێزكردنه‌وه‌ی توانای جه‌سته‌ییان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌رامبه‌ره‌كانیان شۆك بكه‌ن.

بایرن میونشن له‌ یاری چوونی قۆناخی 16 چامپیۆنزلیگ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌ دژی چێڵسی تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ی به‌ 3 گۆڵی بێوه‌ڵام برده‌وه‌ و چاوه‌ڕێی یاری گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێشتا واده‌كه‌ی دیاری نییه‌.

له‌ بۆندزلیگای ئه‌ڵمانیاش بایرن میونشن به‌ 55 خاڵ لوتكه‌ی خوله‌كه‌ی گرتووه‌ و به‌ 4 خاڵ له‌ دۆرتمۆندی نزیكترین ركابه‌ری دووره‌.

 

Fly Erbil Advertisment