پەمپێیۆ: ئەمەریكا پێشنیازی دیالۆگێکی ستراتیژی بۆ حکومەتی عێراق کردووە

لە ناوەڕاستی مانگی ٦ی ئەمساڵ بەرێوەدەچێت

K24- هەولێر:

مایك پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشنیازی دیالۆگێکی ستراتیژی بۆ حکومەتی عێراق کردووە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ٦ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.

پەمپێیۆ گوتیشی: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سەرچاوە داراییەکان کەوتنە مەترسیەوە و ئابووری عێراق داڕما".

هەروەها جەختی كردەوە، "ئەمەریکا و عێراق کاردەکەن، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستمانھێناون لەدەست نەچن، وەك لەناوبردنی داعش و گەراندنەوەی سەقامگیری بۆ دیالۆگە سیاسیەکە بە سەرۆکایەتی دەیڤد ھەیڵ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەڕێوە دەچن".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشدا، "ھەمو بابەتە ستراتیژییەکان قسەیان لە بارەیەوە دەکرێت، لەناویاندا مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کە تاچەند پاڵپشت و ھاوکارن بۆ سەروەری و سەقامگیری عێراق".

ئاشكراشی كرد، "ھەریەکێك لە لایەنەکان لە عێراق دەیانەوێت کەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی داھاتووی وڵاتەكەیان، بەڵام ھیوادارم کەتائبی حیزبوڵڵا و تیرۆریستانی عەسائیب ئەهلولحەق دەنگێکی بەھێز نەبن. ھیوادارم خەڵکی عێراق دەنگی بەھێزبن. ئێمە بەردەوام لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراقەوە بە سادەیی گوتوومانە، ھەرسەرکردەیەك بتوانێ چاکسازی بکات وعێراق بکاتە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و دوورکەوێتەوە لە ململانێی مەزھەبی، کە ھەموو کات سەری کێشاوە بۆ تیرۆر و گەندەڵی".

گوتیشی: "ھەر سەرکەدەیەك ئەم کارانە بکات بەخۆشحاڵییەوە پاڵپشتی دەکەین. ھەر لەم پێناوەشە کە ئێمە داوای دیالۆگی ستراتیژی لە عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی توندوتیژی نەمینێت و مەترسی سەھەڵدانەوەی تیرۆر نەمینێت".

دووپاتیشی كردەوە، "ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە سەرکردەیەك بێتە دەسەڵات، کە وەڵامدەرەوەی داخوازی خۆپیشاندەران و خەڵکی عێراق بێت، بۆیە ھیوادارم خەڵکی عێراق قسەی کۆتایی بکات، نەوەك کەتائیب حیزبوڵا."

H.B