سادیۆ مانێ به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بۆ گونده‌كه‌یان دانا

سادیۆ مانێ: پێشتر باوكم به‌هۆی نه‌بوونی نه‌خۆشخانه‌ مرد بۆیه‌ نامه‌وێت هیچ كه‌سی تر وه‌ك باوكمی به‌سه‌ر بێت

رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانیا راپۆرتێكی دۆكیومێنته‌ری له‌سه‌ر هێرشبه‌ری سه‌نیگالی یانه‌ی لیڤه‌رپوول بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئه‌و یاریزانه‌ چیرۆكی له‌ده‌ستدانی باوكی ده‌گێرێته‌وه‌ و جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی دروست ده‌كات.

سادیۆ مانێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌وره‌ترین گرفت له‌ وڵاته‌كه‌ی خراپی كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یه‌، ده‌شڵێت: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی گونده‌كه‌م دروست بكه‌م پاشان هه‌وڵده‌ده‌م ئاستی په‌روه‌رده‌ش بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشبخه‌م.

سادیۆ مانێ چیرۆكی له‌ده‌ستدانی باوكی ده‌گێرێته‌وه‌ ده‌ڵێت: پێشتر له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ره‌ك یاریم ده‌كرد كاتێك هاتن و گوتیان باوكت مردووه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر باوكم دا روویدا به‌هۆی نه‌بوونی نه‌خۆشخانه‌ بوو له‌ گونده‌كه‌كانم، بۆیه‌ من بڕیارم دا نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ گونده‌كه‌مان دروست بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ كه‌س چیتر وه‌ك باوكم نه‌بێته‌ قوربانی.

مانێ له‌ باره‌ی مردنی باوكی گوتیشی: دوو تا سێ مانگ پێش ئه‌وه‌ی باوكم ماڵئاوایی له‌ ژیان بكات، نه‌خۆش كه‌وت، دواتر هه‌ندێك ده‌رمانی سروشتیمان بۆ په‌یدا كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوالیتی ده‌رمانه‌كان باش نه‌بوو هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكم نه‌بوو، چونكه‌ له‌ گوندی (بامبالی) كه‌ شوێنی له‌ دایكبوونی منه‌ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك‌ نه‌بوو، هیچ تاقیگه‌ و پشكنین نه‌بوو تا جۆری نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكم دیار بكات بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

مانی ده‌شڵێت: باوكم كه‌سێكی زۆر به‌ به‌زه‌یی و باش بوو، به‌رده‌وام ده‌یگوت: كوڕم شانازیت پێوه‌ ده‌كه‌م، بۆیه‌ دوای مردنی باوكم قسه‌م له‌گه‌ڵ ناخی خۆم كرد و گوتم ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئاگام له‌ دایكم بێت و خزمه‌تی بكه‌م.

مانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ گونده‌كه‌یان چه‌ندان ساڵه گرفتی ته‌ندروستی هه‌یه‌، ده‌شڵێـت: ته‌نانه‌ت له‌بیرمه‌ خوشكه‌كه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ دایك بوو، چونكه‌ له‌ گونده‌كه‌مان‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌بوو، ئه‌وكات به‌هۆی دووگیانبوونی دایكم زۆر له‌ دۆخێكی خراپ دابووین هه‌موومان دڵته‌نگ و خه‌مناك بووین، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت به‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ژیان و هیوا بۆ خه‌ڵكی گونده‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌.

سادیۆ مانێ 27 ساڵان، پێشتر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رێگه‌ی تیپی لاوانی میتزی فره‌نسا له‌ سه‌نیگاله‌وه‌ به‌ره‌و خوله‌كانی ئه‌ورووپا هات، دواتر به‌ 4 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یانه‌ی ساڵزبێرگی نه‌مسا، دوای 2 ساڵ نرخی به‌رز بووه‌وه‌ و به‌ 23 ملیۆن یۆرۆ و روویكرده‌ پرێمه‌رلیگ و درێسی ساوسامتنی پۆشی، دواتر له‌ 2016 روویكرده‌ لیڤه‌رپوول، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ له كۆی‌ 161 یاری 77 گۆڵ و 34 ئاسیستی كردووه‌ و ئێستاش له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان نرخی ئه‌و یاریزانه‌ به‌ 150 ملیۆن یۆرۆ خه‌ملێنراوه‌ و له‌ لایه‌ن یانه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆناش داوا كراوه‌.

Fly Erbil Advertisment