چیرۆکی سووتانی ژنێک عێراقییەکان دەهەژێنێت

ژنی دووەمی هاوسەرەکەی بووە

K24 – هه‌ولێر:

سوتان و سوکایەتی کردن بە ژنێکی عێراقی لە لایەن هاوسەر و خێزانی هاوسەرەکەیەوە، کاردنەوەی زۆری بە دوای خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێناوە.

گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە، تێیدا دەردەکەوێت، مەلەک حەیدەر ئەلزوبەیدی تەمەن 20 ساڵ، لە نەخۆشخانەی نەجەف هاوار دەکات و دەمووچاوی بەهۆی سووتاوی هەڵئاوساوە و لەشی بە برینپێچ داپۆشراوە.

ئەم خانمە، خێزانی دووەمی کەسێکە بە ناوی محەمەد ئەلمەیاحی، خێزانەکەی دەڵێن، محەمەد نەیهێشتووە ماوەی هەشت مانگ سەردانی دایک و باوکی بکات. دواتر محەمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی: "مەلەک نەخۆشی دەروونی هەیە و ئاگری لەخۆی بەرداوە، خەڵکیش من و خێزانەکەم تۆمەتبار دەکەن".

مەلەک لە دادگای نەجەف سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار کردووە بەوەی هاوسەرەکەی لێی داوە و سووتانی خۆی لە ئەنجامی ئەو تووندوتیژیانە بووە کە محەمەد بەرامبەری کردوویەتی، بەڵام دایکی مەلەک دەڵێت ئەو سکاڵایە لە لایەن خەزووری مەلەک نووسراوە و لە دادگا خۆی وەک باوکی ناساندووە و کەموکورتی زۆری تێدایە.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، هاشتاگی مەلەک حەیدەر، دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و هاووڵاتیان کارەکە، بە کارێکی نامرۆڤانە لەقەڵەم دەدەن.

رێکخراوێکی مافەکانی ژنان لە عێراق لەوبارەوە نووسیویەتی، محەمەد ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە و کوڕی پلەدارێکی سەربازییە، یاسا ناتوانێت دەستی بۆ ببات.

محەمەد جومعە، پارێزگار، لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، سەدان دۆسییەی وەک مەلەکم بینیوە و کەسیش لەسەری سزانادرێت.

ئەگەرچی بەگوێرەی دەستووری  عێراق، هەموو شێوازێکی تووندوتیژی لە ناو خێزان قەدەغەکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە عێراق، یاسایەکی سزادان بۆ ئەو کەسانە نییە تووندوتیژی خێزانی ئەنجام دەدەن، بەڵکو یاساکان رێگا بە پیاو دەدەن، "ژنان فێری دیسیپلین" بکەن.

تاوەکو ئێستا داتایەکی فەرمی نییە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2012، لە هەر پێنج ژنێک لە عێراق، یەکێکیان رووبەڕووی تووندوتیژی خێزانی دەبێتەوە.