بەغدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی نیازی تاران بۆ زیارەتكردنی مەزارگەكانی عێراق راگەیاند
رێگە بە هاتنیان نادات
K24- هەولێر:
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق وەڵامی لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێران لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەردانی زیارەتكارانی ئێران بۆ مەزارگەكانی عێراق دەداتەوە و رەتی دەكاتەوە، رێگە بە سەردانی هیچ كەسێك لە كوەیت و ئێرانەوە بۆ عێراق بدرێت.
بەغدا لە وەڵامی ئامادەكارییەكانی تاران بۆ ئەنجامدانی گەشتی زیارەتكارانی ئێرانی بۆ مەزارگە شیعەكان لە عێراق دووپاتی كردەوە، هەموو دەروازە وشكانییەكان لەبەردەم گەشتیارانی ئێرانی و كوەیتی و تەنانەت بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا داخراون.
دەستەی ناوبراو لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئاژانسی هەواڵی فارس هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە، ئێران ئامادەكاری بۆ سەردانی زیارەتكارانی وڵاتەكەی بۆ مەزارگە پیرۆزەكان لە عێراق دەكات، وێڕای بوونی بڕیاری داخستنی دەروازەكان لە نێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا"، دووپاتیشی كردەوە، "دەروازە سنوورییەكانمان لەگەڵ ئێران و كوەیت، هەردوو دراوسێكانمان بە تەواوی بەڕووی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا تا كاتێكی نادیار داخراون".
ئاماژەی بەوەشدا، "دەروازەكان لەكاتێكدا دەكرێنەوە، كە لە رێنماییە تەندروستییەكاندا رێگەیان پێ دەدرێت، ئەو بڕیارەش لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامتی نیشتیمانیدایە".
گوتیشی: "تا ئێستا لیژنەی ناوبراو بڕیارێكی لەم شێوەیەی نەداوە، ئەو بابەتە پەیوەستە بە بڕیار و رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و ئێمەش پابەندین بەو رێكار و رێنماییانەی، كە لە پێناو سەلامەتی وڵات و هاووڵاتیان دەردەكرێن".
ئەمە دوای ئەوە هاتووە، پێشتر عەلی رەزا رەشیدیان، سەرۆكی رێكخراوی حەج و عومرە لە ئێران رایگەیاندبوو، رێكخراوەكەیان ئامادەكاری بۆ گەشتی زیارەتكارانی ئێران بۆ مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانی عێراق و سووریا دەكەن.
H.B