ئەو خانمە عێراقییەی لە لایەن مێردەکەی ئاگری تێبەردرا گیانی لەدەستدا

دۆسییەکەی دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە

K24 – هه‌ولێر:

مەلەک حەیدەر ئەلزوبەیدی، ئەو خانمە 20 ساڵەی لە نەجەف لە لایەن مێردەکەی توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدرا و سووتێنرا، بەهۆی سەختی برینەکەی، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

خێزانەکەی دەڵێن، مێردەکەی کە خاوەنی دوو ژن بووە، ئاگری تێبەرداوە.

ماڵپەڕی ئەلجەزیرە لەزاری خوشکەکەی بڵاویکردەوە، دوای لە کارکەوتنی گورچیلە و سییەکانی و مانەوەی بۆ ماوەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانە، مەلەک گیانی لەدەستداوە.

بە گووتەی خێزانی مەلەک، محەمەد مەیاهلی هاوسەری مەلەک، بۆ ماوەی هەشت مانگ رێگەی نەداوە دایک و باوکی سەردانی مەلەک بکەن و بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامداوە.

محەمەد خۆی ئەفسەرە و باوکی پلەدارێکی سەربازییەوە، پێشتر باوکی هۆشداریی دابوو، یاسا ناتوانێت دەست لە کوڕەکەی بدات.

بەگوێرەی راپۆرتی پۆلیس، مەلەک لە ژێر هەڕەشە، سکاڵاکەی گۆڕیووە.

لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکەش، دەوترێت، لەگەڵ مێردەکەی بووەتە دەمەقاڵێیان، مێردەکەی بە کێبڵی بارگاویکردن، توندوتیژی بەرامبەر کردووە. دواتر مەلەک، کە هەمووگیانی نەوت بووە، لەبەر دەرگا، گڕیگرتووە.

پۆلیس ئاشکراشیکردووە، چەند کەسێکی بەهۆی رووداوەکە دەستگیرکردووە.