كۆرۆنا ھەڕەشە لە ژیانی ملیارێك و 600 ملیۆن كرێكار دەكات
بەگوێرەی خەمڵاندنی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی

K24 – ههولێر:
بەگوێرەی خەمڵاندنی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەڕەشە لە ژیانی نزیكەی ملیارێك و 600 ملیۆن كرێكار دەكات لە جیھاندا، به پێی ئهو زانیارییه، كرێكاران له دوای دووهم جهنگی جیهانییهوه رووبەڕووی خراپترین قەیران بوونهتهوه.
لە رۆژی 1 ی ئایار ھەموو ساڵێك، وڵاتان پێشوازی لە رۆژی كرێكارانی جیھان دەكەن، وەك سیمبووڵێك بۆ چیرۆكی كاركردنى كرێكاران.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، رۆژی جیھانی كرێكاران، لە كۆتاییەكانی دەیەی شهستهكانی سەدەی 19 سەریھەڵدا و بە دیاریكراویش لە ساڵی 1869، ئەو كات ژمارەیەك لە كرێكارانی پیشەسازی جلوبەرگ و پێڵاو و كانه كانزاییهكان لە ئەمریكا پێكھێنرا، بە سەركردایەتی كۆچبەرانی ئەوروپا، رێكخراوێكیان بە ناوی سوارچاكی كار بۆ چاودێریكردنی كارەكان رێكخست لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیدا، ھەر ئەو كاتەش رۆژی 1ی ئایاریان دەستنیشانكرد، بۆ ئەوەی ھەموو ساڵێك لەو رۆژەدا یادی داواكاری مافهكانی كرێكاران بكرێتەوە.
پێشووتر ژینگەی كار لە رووی كاتژمێرەكانی كار و مووچەوە، زۆر ئەستەم بووە، لە ئەنجامیشدا ناڕەزایەتی كرێكارانی لێكەوتەوە و ھەموو ھەوڵێكیان دەدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرمایە لابدرێت و ھەر كەسە و مافی خۆی بە تەواوی وەگرێت.
لە یەكی ئایاری ساڵی 1886، گەورەترین ژمارەی ناڕەزایی كرێكاران دەستیپێكرد، بەجۆرێك 300 ھەزار كرێكار داوایان كرد، رۆژانە تەنیا 8 كاتژمێر كاربكەن و شاری شیكاگۆی ئەمریكا، بە ناوەندی جووڵەی ناڕەزایەتییەكە دانرا و لە كاتی داواكردنی مافەكانیان، ژمارەیهكی زۆریان بوونە قوربانی بەھۆی ئەو توندوتیژییهی لەگەڵ پۆلیس دروست بوو، لە ئەنجامیشدا بۆ رۆژی دواتر، خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەڵام ئەمجارەیان بۆ داوای مافی ھاوكارە كوژراوەكانیان.
ھاوكات لە ساڵی 1889، یەكێتی سەندیكای كرێكاران لە ئەمریكا داوای یەكخستنی داواكارییەكانی كرێكارانی كرد، بەوەی كە زیاتر لە 8 كاتژمێر كارنەكەن و دەستبەجێ رەزامەندی لەسەر داواكارییەكە دەربڕا و ئیدی لێرەوە رێكخراوی نێودەوڵەتی 1 ی ئایاری وەك رۆژی جیھانی كرێكاران دەستنیشانكرد.
ئێستاش دوای 151 ساڵ و لە سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، دۆخی كرێكاران بەھۆی قەدەغەی گشتییەوە لەسەر ئاستی جیھان بەیەكجاری تێكچووە و بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەڕەشە لە ژیانی نزیكەی ملیارێك و 600 ملیۆن كرێكار دەكات لە جیھاندا، بەو جۆرەش رووبەڕووی خراپترین قەیران دەبنەوە له دوای جەنگی دووەمی جیھانییهوه تاوەكو ئێستا.


