حه‌لبووسی داوا له گشت په‌رله‌مانتاران ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه به‌غدا
داوای له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه كردووه ئاسانكاری بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بكات
K24- هه‌ولێر:
له په‌یامێكدا كه ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتاران له سه‌رانسه‌ری عێراق و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كراوه، گوته‌بێژی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كرد، رۆژی دووشه‌ممه هه‌موویان له به‌غدا ئاماده بن.
گوته‌بێژی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكراشیكرد، داوایان له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق كردووه، كارئاسانی بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بۆ به‌غدا بكات و دووپاتیشی كرده‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گه‌شتی فڕۆكه‌كان بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و به‌سره بۆ به‌غدا ئاماده كراون.
گوتیشی: به‌م نزیكانه كاتی دانیشتنی په‌رله‌مان كه تایبه‌ته به متمانه‌دان به حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، راده‌گه‌یه‌ندرێت.
H.B