به‌وێنه.. هۆڵی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ دانیشتنی ده‌نگدان به كابینه‌ی مسته‌فا كازمی ئاماده‌كرا
داوا له سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كراوه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بن
K24- هه‌ولێر:
ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دانیشتنی ده‌نگدان به كابینه‌ی مسته‌فا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆتایی هاتن.
چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئاماده‌كارییه‌كانی ناو هۆڵی گه‌وره‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڵاووبوونه‌ته‌وه و كۆپییه‌كیان ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، بڕیاره سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان به حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی كۆببێته‌وه.
له‌باره‌ی كاتی دانیشتنه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی به كه‌ناڵی "روسیا الیوم"ی راگه‌یاندووه، سبه‌ی كاتژمێر 9:00 ده‌نگ به كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی ده‌درێت و گوتیشی: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوا له سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران كراوه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بن.
پێشتریش چه‌ند لایه‌نێكی شیعه به‌هۆی گومانكردنیان له كاندیدانی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت جه‌ختیان كردبووه‌وه، ئاماده نین ده‌نگ به حكومه‌تی نوێ بده‌ن، به‌ڵام دواتر به‌هۆی گۆڕینی ژماره‌یه‌ك له‌و كاندیدانه، به‌شێك له‌و لایه‌نانه هه‌ڵوێستی خۆیان گۆڕیوه.
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه سه‌ناء مووسه‌وی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌دری حه‌شدی شه‌عبی دووپاتی كرده‌وه، دوای گۆڕینی ژماره‌یه‌ك له كاندیدانی وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌گه‌ره‌كانی تێپه‌ڕاندنی كابینه‌كه‌ی كازمی زۆر به‌هێز بوونه‌ته‌وه.
هاوكات بورهان مه‌عموری، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سائیرون به سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه، هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی به‌رهه‌ڵستی چه‌ند كاندیدێكی كابینه‌كه‌ی كازمی ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ژماره‌یه‌ك له‌و كاندیدانه له‌گه‌ڵ پێوه‌ره دیاریكراوه‌كان یه‌كانگیر نین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌وڵه‌تی یاساش كه له‌لایه‌ن نوری مالیكییه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، هه‌ڵوێستی خۆی به ئاشكرا له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی نیشاندا و جه‌ختی كرده‌وه، ده‌نگ به حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ناده‌ن.
هه‌رچی كورد و سوننه‌شن، هه‌ر زوو هه‌ڵوێستی ئاشكرای خۆیان بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی نیشاندا و جه‌ختیان له‌سه‌ر پشتیوانی خۆیان بۆ كابینه‌كه‌ی كرده‌وه.
H.B
