نوێنه‌رێك: ره‌نگه متمانه به 16 پاڵێوراوی كابینه‌كه‌ی كازمی بدرێت
هه‌ندێك له نوێنه‌ران ده‌ڵێن دانیشتنه‌كه دواده‌خرێت
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له كوتله‌ی نه‌سر، عه‌لا دولفی، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه نزیكه‌ی 16 وه‌زیری كابینه‌ی مسته‌فا كازمی متمانه‌یان پێ بدرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له لێدوانێكدا بۆ سایتی (بغداد الیوم)، رایگه‌یاند، عێراق به قۆناغێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و پێویسته په‌له بكرێت له متمانه به‌خشین به كابینه‌ی مسته‌فا كازمی.
له باره‌ی وه‌زیره‌كانیشه‌وه، دولفی گوتی: پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری كێشه‌ی له باره‌وه نییه و ئه‌گه‌ری زۆره متمانه‌ی پێ بدرێت. به‌و پێیه‌ی پاڵێوراوه‌كه‌ی جومعه عناده، كه كه‌سێكی پیشه‌ییه.
هه‌روه‌ها گوتی: ره‌نگه ناكۆكی هه‌بێت له باره‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی و نه‌وت له‌گه‌ڵ برایانی كورد، به‌ڵام له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه هیچ كێشه‌یه‌ك نییه و ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌مڕۆ ده‌نگ به 16 وه‌زیری كابینه‌كه بدرێت.
له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له كوتله‌ی سائیرون، به‌در زیادی رای وایه، ئه‌گه‌ری هه‌یه دانیشتنی ئه‌مڕۆی نوێنه‌ران دوابخرێت بۆ به‌یانی، چونكه زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌مڕۆ بتوانرێت ده‌نگ به كابینه‌كه بدرێت.
هه‌روه‌ها ئه‌مجه‌د عیقابی له كوتله‌ی سائیرون رایگه‌یاندووه، كابینه‌كه‌ی كازمی كه‌لێنی هه‌یه و هێشتا ناوی پاڵێوراوی وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و ده‌ره‌وه ده‌ستنیشان نه‌كراوون.