پێشمەرگە لە داستانی ھەندرێندا بەغدای ناچار بە دانوستان كرد
تێپەڕبوونی 53 ساڵ بەسەر داستانی هەندرێن
K24 - سۆران
53 ساڵ بەسەر داستانی ھەندرێندا تێدهپهڕێت، ئەو داستانەی 150 پێشمەرگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی تۆماریان کرد و تیایدا، توانیان ھێرشی پێنج ھەزار سەربازی پڕ چەک و مەشقپێکراوی ئەوسای عێراق، بە خوێنی سێ پێشمەرگە تێک بشکێنن و خەونی لە نێوبردنی شۆڕشی باشووری کوردستان پووچهڵ بكهنهوه.
زرار حەمەدەمین، پێشمەرگەی داستانی ھەندرێن، لەبارەی دەستپێكی رووبەڕووبوونەوەی بەعس لە ھەندرێندا دەڵێ: "لە سەرەتادا كە پلانمان دانا، 50 پێشمەرگە وەك فیدایی دیار كران، دوو تۆپیش تۆپبارانیان دەكرد، كاتێك زۆر لەگەڵ سوپای عێراق لهیهكتری نزیك بووینهوه، مەترسی ھەبوو تۆپبارانی ھێزەكانمان زیان بە خۆمان بگەیەنێت، نھێنییهك له نێوانماندا ھەبوو، بۆیه پێمان گوتن تۆپباران بوەستێنن".
سەركەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕە، وڵاتانی ناوچەكەی تووشی سەرسوڕمان كرد و دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراقیشی ناچار بە دانوستان كرد.
نەعمان عەلوان، ناسراو بە ملازم خدر، فەرماندەی داستانی ھەندرێن بۆ كوردستان24 ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە دوای سەركەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕە، دۆخەكە بە جۆرێكی دیكە گۆڕا. ئەو دەڵێ: "سەركەوتنی پێشمەرگە لە ھەندرێن، بووە ھۆی شكاندنی ھەیبەتی حكوومەتی عێراق و كاریگەریی لەسەر ئاستی ناوچە و جیھاندا ههبوو، تا ئهوڕاددهیهی ھەر ئەو شەڕە حكوومەتی ناچار كرد دانوستان لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕشی كورد بكات. ھاوكات عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆككۆماری ئەوكاتی عێراق، سەردانی كوردستانی كرد و دیداری لەگەڵ بارزانی نەمر ئەنجام دا".
بۆ کپکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان، رژێمی عێراق لە شەوی 2لەسەر 3ی مانگی 5 ساڵی 1966، بە پێنج ھەزار سەربازی پڕ چەک و پاڵپشیی فڕۆکەی شەڕکەر، لە چیای ھەندرێن ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای 10 رۆژ رووبەڕووبونەوە، لە 12/5/1966 ھێزێکی ھاوبەشی پارتیی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق، بە 150 پێشمەرگە لە دژە ھێرشێکدا، بە ماوەی سێ کاتژمێر، توانیان ئەو ھێزە زۆرەی عێراق تێک بشکێنن و سەركەوتن بەسەر ھێرشی فراوانی بەعسدا رابگەیەنن.
ئەو داستانە بە خوێنی سێ رۆڵەی كوردستان بە ناوەكانی خدر عەبدوڵڵا بەگ دەرگەڵەیی، شەھید ساڵح مام ئەلیاس رواندزی و عەریف یونس، تۆمار كرا.
ھ.م