لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەست بەسەر بڕێكی زۆر كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دا گیرا

بڕێكی دیكەش گەڕێندرایەوە

K24 - دھۆك

کامی کەمال، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە کوردستان24ی رایگەیاند "لە 25 رۆژی رابردوودا 2 ھەزار و 494 تۆن و 794 کیلوگرام، کە رێگایان پێنەدراوە بێنە نێو خاکی هەرێمەوە و گەڕێندرانەوە بۆ سەرچاوەکانیان.

 وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، باسی ئەوەشیکرد، ھەر لەو ماوەیەدا 176 تۆن و 156 شەش کیلوگرام لە کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو لە نێوبراون.

راشیگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا لە 1/1/2020 تا 18ی ئەم مانگە 15 ھەزار و 997 و 348 کیلۆگرام، لە کەرەستەی هەمەجۆر لە تاقیگەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە، چونکە گەڵ رێنمایی و مەرجەکان نەدەگونجان، لە ناوبراون یان گەڕێندراونەوە بۆ سەرچاوەکەیان.

بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق، و هاوردەکردنی کەرەستە و کەلوپەلەکان بەپێی مەرج و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە لە دەروازی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل پشکنین و بەدواچوونی ورد لەسەر هەموو ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی کە لە وڵاتی تورکیاوە دێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە تاقیگەکانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ئەنجام دەدرێن. هەر شتێک کە مەرج و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا نەبێت، رێگا پێنادرێت بێتە نێو خاکی هەرێمەوە، چ بە گەڕاندنەوەیان بۆ ئەو سەرچاوەی کە لێ هاتووە یان ئەگەر کەلوپەلەکان ماوە بەسەرچووبێت لە ناو دەبرێن.