کشتوکاڵی دهۆک: بەرهەمی کونجی نزیکەی 1000 تۆنە

دروێنەی کونجی
دروێنەی کونجی

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵی پار بەرهەمی کونجی 998 تۆنە و زیادی کردووە.

یەکشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک 2653 دۆنم کونجی چێنراوە و بەرهەمەکەشی 478 تۆن بووە، بە بەراورد بە ئەمساڵ 3328دۆنم کونجیی خوماڵی چێنراوە، بەرهەمەکەشی 998 تۆنە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "بەرهەمی کونجی لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەرەش و ئامێدی دەچێنرێت و ڕێژەی هەرە زۆری لە شارۆچکەی ئامێدیە، کە بەرهەمی کونجی، تەحینی کونجی خوماڵیی لێ دروست دەکرێت کە زۆر بەناوبانگە و هەندێکیش دەخرێتە بواری پیشەسازییەوە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە".

دەشڵێت: "دروێنەی کونجی کۆتایی هاتووە، جووتیارانیش بەروبوومەکە وشک دەکەنەوە دواتر له‌ بازاڕه‌كانی دهۆكدا دەیفرۆشن، نرخی هەر کیلۆیەکی کونجیی خوماڵى بە 5500 بۆ 6000 دینارە".

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، لە ساڵی 2023 بەرهەمی كونجی زیاتر لە 400 تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی کونجیی خوماڵی 600 تۆن لەو ڕێژەیە زیاترە.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەریی کشتوکاڵی دهۆک سەبارەت بەرهەمی برنج گوتی: "ساڵی ڕابردوو ڕووبەری چێنراوی بەرهەمی برنج 19637 دۆنم بووە و بەرهەمەکەشی15710 تۆن بووە، بەڵام ڕێژەی چێندراوی بەرهەمی برنج لەم ساڵدا، 24836 دۆنم بووە و بەرهەمەکەشی 24836 تۆن بووە و ڕێژەکەش زیادی کردووە".