فوئاد حوسێن و ئەلینا ڕۆمانۆوسکی پێشبینی دەکەن جەنگ چەند وڵاتێکی ناوچەکە بگرێتەوە

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی پڕ مەترسیی ناوچەکە دەکەن و پێیان وایە ئەگەر هەیە جەنگەکە ناوچەکە بگرێتەوە.
یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجامی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەمەریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرا، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی دۆخی پڕ مەترسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا لەگەڵ ئەو ئەگەرانەی کە لە پێشن لەبارەی فراوانبوونی جەنگەکە لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە.
کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی ئە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان و ڕێگریی کردن لە هاتنە ناوەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ نێو جەنگەکە.