پارێزگاری دهۆک: لە چوارساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای دهۆک شۆڕشێکی کشتوکاڵی بەرپا بووە

دووشەممە، 07-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "کاڤین فارم"ـی کردەوە کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مانگا و بەرهەمهێنانی ماست و شیر و پەنیر. 

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی "کاڤین فارم" گوتی: "سیاسەتی ئابووریی دروست و ستراتیجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی دیارە، لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای دهۆک شۆڕشێکی کشتوکاڵی بەرپا بووە".

گوتیشی: "پرۆژەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە بە ژمارە دیارە، کشتوکاڵ بنەمای ئابووری هەموو وڵاتێکە و بە ئابووریی دایک ئەژمار دەکرێت، هەروەها داڕشتنی سیاسەتێکی دروست بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵکی ئەو سنوورەش بگۆڕێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "لە هەفتەی ڕابردوودا ئێمە لە ئاکرێ بووین، هاووڵاتیان باسیان کرد پێش چەند ساڵێک بەرهەمی تەماتەی خۆیان فڕێ دەدایە سەر شەقامەکان، بەلام ئەمڕۆ بووەتە بژێوی ژیانێکی باش بۆیان، هەروەها بەرهەمی پەتاتە زۆر بووە، کە ئێستا بۆ هەموو پاریزگاکانی عێراق دابینی دەکەین".

پارێزگاری دهۆک ڕاشیگەیاند: "ئەو پڕۆژەیەی لە قەزای سێمێل جێبەجێ کراوە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە، کە چەندساڵ لەمەوپێش سەرۆک وەزیران، بەردی بناغەکەی دانا، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین، هەروەها پیشکەوتوترین تێرمیناڵ لەسەر ئاستی عێراق هەر لە سێمێلدا دروست کراوە، پیشەسازیی خۆراکیش هەر دەکەوێتە ئەو سنوورە، گەورەترین پرۆژەی ماسی و چەندین کارگە دەکەوێتە سنووری ئەو قەزایە".

عەلی تەتەر باسی لەوەش کرد: "کاڤین گروپ، یەکێکە لەو کۆمپانیانەی جێگەی شانازییە و گەورەترینە لە عێراق، کە لەبواری ئاوەدانی و وەبەرهێناندا خۆی سەلماندووە، کە پڕۆژەی کاڤین فارم یەکێکە لەکارەکانی ئەو گروپە".

دەشڵێت: لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیای ئەڵمانیا ڕێککەوتنێک ئیمزا کراوە بۆ هێنانی مانگای شیری.